راچڵەكین -
وەزارەتی پێشمەرگە بەتوندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ دەكات و هێرشەكەش بە كردەویەكی تێكدەرانە وەسفدەكات بە ئامانجی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 22-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردووە سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت كە دەكرێنە سەر بارەگاكانی پێشمەرگە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
شەوی ڕابردوو، جارێكی دیكە تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەكان دەستیان دایەوە كردەوەیەكی تێكدەرانە و لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ، بە توندی ئیدانەی ئەم پەلامارە دەكەین كە ئامانج لێی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەیە.
دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاكانی پێشمەرگە لە كاتێكدایە كە دۆخی ناوچەكە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدایە.
جارێكی تر داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین كە سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت كە دەكرێنە سەر بارەگاكانی پێشمەرگە.