راچڵەكین -
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆشداریی لە دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی كۆمار دەدات و رایدەگەیەنێت: پەرلەمان بەرپرسیارییەتی دەستووری خۆی لەئەستۆ دەگرێت و بەرەو تەواوكردنی ئەو شایستەیە هەنگاو دەنێت.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 27-3-2026 بڵاویكردەوە، رایگەیاندووە: دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار چیتر قبوڵكراو نییە، لەبەر ئەوەی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی دەوڵەت و رێكخستنی كاری دامەزراوەكانی هەیە، لەكاتێكدا عیراقییەكان چاوەڕوانن ئەو شایستە دەستوورییە یەكلایی بكرێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردووە كە كاتێكی پێویست درا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و دیاریكردنی كەسایەتییەكی گونجاو بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەردەوامبوونی دواخستنەكە سنووری قبوڵكراوی تێپەڕاند، بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارییەتی دەستووری خۆی لەئەستۆ دەگرێت و بەرەو تەواوكردنی ئەو شایستەیە هەنگاو دەنێت.
هەیبەت حەلبوسی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارییەتییەكی روونی نیشتمانیدان كە تەواوكردنی ئەو شایستەیەیە بەپێی دەستور و هەڵبژاردنی كەسایەتییەك كە نوێنەرایەتی هەمووان بكات و لەئاست متمانەی عیراقییەكاندا بێت، و سەقامگیریی بۆ كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.