راچڵەكین-
لە دوو هێرشی ئاسمانیدا بۆسەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی لەموسڵ، دوو كارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عیراق كوژران كە یەكێكیان پلەی عەقیدە.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە، هێرشی ئاسمانی یەكەم بۆسەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی بووە لە ناوچەی حاوی لەبەری ڕاستی موسڵ كە پێشتر ماڵی سەبعاوی برای سەدام حسێن بووەو ئێستا بووەتە بارەگای حەشدی شەعبی، هێرشی دووەمیش بازگەیەكی تایبەت بە پۆلیسی عیراقی كردووەتە ئامانج كە راستەوخۆ بەرامبەر ئەو بارەگایەی حەشد بووە.
بەووتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، پێشبینییەكان بەو ئاڕاستەیەن كە ئەو لایەنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەنجامداوە وای داناوە، ئەو بازگە سەربازییە سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبییە، كە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دووجار هێرش بكرێتە سەر ئەو ناوچەیە.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەڕاگەیەندراوێكدا كوژرانی ئەو دوو كارمەندەی خۆی لە هێرشەكەی موسڵ راگەیاندو بۆ یەكەمجار دەستەواژەی " دوژمنكارانەی" بەرامبەر ئەمریكا بەكارهێنا كاتێك رایگەیاند، دوو كارمەندیان كەیەكێكیان ئەفسەرە بەپلەی عەقید دەستی دوژمنكارانەی زایۆ ئەمریكیان پێگەیشتووە كاتێك بازگەیەكی سەر بە پۆلیس لە بەری راستی موسڵ كراوەتە ئامانج.