لە مۆبایلەوە تا گەنم؛ لیستە درێژەکەی ئەو کاڵایانەی بەهۆی جەنگی هورمزەوە گران دەبن

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 598

راچڵەکین-

تێکچوونی خستنەبازاڕی نەوت و گاز لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی جیهانیی وزەی بە توندی بەرز کردووەتەوە.

ئێستا نرخی بەنزین لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوە و لە چەند وڵاتێکی گەورەی وەک بەڕیتانیاش، پێشبینی دەکرێت تێچووەکانی گەرمکردنەوەی ناو ماڵ لەوەی کە هەیە بەرزتر ببێتەوە، بەڵام ئەم گرفتانە تەنها رووبەڕووی نرخی سووتەمەنییەکان نەبووەتەوە، بەڵکو ئەم ململانێیە کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی، گازەکان و بەرهەمە زۆر گرنگەکانی دیکەش هەبووە کە لە رێی گەرووی هورمزەوە دەچنە ناو زنجیرەکانی دابینکردنی نێودەوڵەتییەوە، زانیارییە گشتییەکان دەریدەخەن نرخی مەودایەکی بەرفراوان لە کاڵاکان، لە خۆراکەوە تا مۆبایلە زیرەکەکان و دەرمانەکان، ئەگەری هەیە بکەونە ژێر کاریگەری هەمان ململانێ، چونکە ژمارەی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن، پێش دەستپێکردنی ململانێکە لە رۆژێکدا زیاتر بوو لە 100 کەشتی، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ تەنها چەند کەشتییەک لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

ئەو بوارانەی کە ئەگەری هەیە بکەونە ژێر کاریگەری ململانێکانی گەرووی هورمزەوە:

پەیینە کیمیاییەکان: 

بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان لە نەوت و گاز بەرهەم دەهێنرێن و بڕێکی زۆر لەم بەرهەمانە، بۆ هەناردەکردن لەلایەن وڵاتانی ناوچەی کەنداو بەرهەم دەهێندرێن، یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، پەیینی کیمیاییە کە بۆ بەرهەمهێنانە کشتوکاڵییە جیهانییەکان زۆر گرنگە.

لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی یەک لەسەر سێی پەیینەکانی جیهان، وەک ئۆریا، پۆتاس، ئەمۆنیا و فۆسفاتەکان، بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن.

داتاکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی پیشانی دەدەن کە لەکاتی دەستپێکردنی ململانێکەوە، هەناردەی بەرهەمە پەیوەندیدارەکان بە پەیین لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە زۆر کەمیکردووە.

ناردنی بارەکانی پەیینی کیمیایی لە کاتی دەستپێکردنی ململانێ لەگەڵ ئێران تا ئاستێکی زۆر ڕاگیراوە.

شیکەرەوەکان هۆشدارییان داوە کە کەمیی ئەم پەیینانە ئەگەری هەیە لە ئێستادا بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی زیانبەخش بێت، چونکە مانگەکانی ئادار و نیسان وەرزی چاندنە لە نیوەگۆی باکوور و بەکارهێنانی کەمتری پەیین لەم کاتەدا کاریگەری لەسەر بڕی دروێنە لە کۆتایی ساڵدا دەبێت، توێژەرانی پەیمانگای کیل دەڵێن: داخستنێکی تا ڕادەیەک کورت دەتوانێت تەواوی وەرزێکی گەشەکردن تێک بدات و دەرئەنجامە تەناهییە خۆراکییەکانی تا ماوەیەکی زۆر دوای کردنەوەی گەرووەکە بەردەوام بێت.

توێژینەوەکانی ئەم پەیمانگایە نیشانی دەدات کە داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز دەتوانێت نرخی جیهانی گەنم بە ڕێژەی 4.2% و نرخی میوە و سەوزە بە ڕێژەی 5.2% بەرز بکاتەوە، ئەم پەیمانگایە مەزەندەی ئەوەش دەکات ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لە ڕووی بەرزبوونەوەی گشتیی نرخی ماددە خۆراکییەکانەوە لەسەر دەبێت بریتین لە زامبیا (31%)، سریلانکا (%15)، تایوان (12%) و پاکستان (11%).

رووسیا بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی جیهانی پەیین دابین دەکات و شیکەرەوەکان دەڵێن ئەم وڵاتە ئەگەری هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، بەرهەمهێنان زیاد بکات.

کیریل دمیتریف، نێردراوی تایبەتی ڤلادیمیر پوتین وتوویەتی کە ڕووسیا، وەک یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی کاڵاکانی وەک پەیین، "لە پێگەیەکی گونجاودایە".

یەک لەسەر سێی بارە جیهانییەکانی گازی هێلیۆم بە شێوەیەکی ئاسایی لە قەتەرەوە دابین دەکرێت و لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت، ئەم گازە بەرهەمێکی لاوەکیی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە و لە دروستکردنی وەیفەرە نیمچەگەیەنەرەکاندا بەکاردێت کە دواتر دەبنە ڕیزەچیپەکان کە لە کۆمپیوتەر، ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی ناوماڵدا بەکاردەهێندرێن.

هاوکات هێلیۆم بۆ ساردکردنەوەی موگناتیسەکان لە ئامێرەکانی وێنەگرتنی تەنەروونی (MRI) کە لە نەخۆشخانەکاندا بەکاردەهێنرێن، بەکاردێت.

کارگەی گەورەی ڕاس لافانی قەتەر کە ئەم گازە بەرهەم دەهێنێت، دوای هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بەرهەمهێنانی خۆی ڕاگرتووە و حکومەتی قەتەر هۆشداری داوە کە چاککردنەوەی ئەم زیانانە سێ تا پێنج ساڵی دەوێت؛بابەتێک کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی ئەم گازە زیاد کردووە.

لە ساڵی 2023، کۆمەڵەی پیشەسازی نیمچەگەیەنەری ئەمریکا هۆشداری دا کە لە ئەگەری تێکچوون لە دابینکردنی جیهانی هێلیۆم، "بازدانی نرخ" ڕوودەدات.

شیکەرەوەکان هۆشدارییان داوە کە کاریگەرییە زنجیرەییەکانی داخستنی گەرووی هورمز دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لە تەلەفۆنە زیرەکەکانەوە تا سەنتەرەکانی داتا و پراشانت یاداو.

توێژەری باڵای تەندروستی جیهانی لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هۆشداری داوە کە کەمی درێژخایەنی هێلیۆم دەتوانێت نرخی ئێم ئاڕ ئای (MRI) ش زیاد بکات.

ئەو دەڵێت: ئامێرەکانی ئێم ئاڕ ئای بۆ ساردکردنەوەی موگناتیسەکان پێویستیان بە نزیکەی هەزار و پێنج سەد تا دوو هەزار لیتر هێلیۆم هەیە، هەر جارێک کە سکان ئەنجام دەدەیت، بڕێکی کەمی لێ دەبێتە هەڵم، خەڵک بە شێوەیەکی ئاسایی وا بیر دەکەنەوە بەکارهێنانی سەرەکی هێلیۆم لە سەنتەرەکانی داتا، نیمچەگەیەنەرەکان و ساردکردنەوە بۆ پیشەسازی ژیری دەستکرد و داتادایە، بەڵام نابێت لەبیربکەین کە هێلیۆم بۆ ئێم ئاڕ ئایەکان و بەکارهێنانە پزیشکییەکانی تریش زۆر گرنگە".

 

بەرهەمە لاوەکییەکانی پترۆکیمیا (دەرمانەکان)

بەرهەمە لاوەکییەکانی پترۆکیمیا وەک میسانۆڵ و ئەسیلین، ماددەی زۆر گرنگن لە بەرهەمهێنانی جیهانیی دەرمانەکان لەوانە ئازارشکێنەکان، دژەبەکتریاکان و ڤاکسینەکان، مەزەندە دەکرێت کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، واتە عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، عومان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت و بەحرەین نزیکەی 06%ی توانای بەرهەمهێنانی پترۆکیمیایی جیهانیان لەبەر دەستدا بێت، ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی سەرەکی گەرووی هورمز بۆ هەناردەکردنی ئەم ماددە کیمیاییانە بۆ جیهان بەکاردەهێنن و نزیکەی نیوەیان بۆ ئاسیا دەچێت.

هیندستان یەک لەسەر پێنجی هەناردەی دەرمانە جێنریکەکان (بێ ناوی بازرگانی) جیهان بەرهەم دەهێنێت کە زۆربەیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا دەنێردرێن، زۆرێک لەم بەرهەمە دەرمانسازییانەش بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی فڕۆکەخانە ناوەندییەکانی کەنداو، بەتایبەت دوبەی، بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازرێنەوە؛ ئەو فڕۆکەخانانەی کە بە توندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم ململانێیە، هەندێک لە شیکەرەوەکان لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان بۆ خێزانەکان لە ئەنجامی تێکچوون لە گەرووی هورمز هۆشدارییان داوە.

گۆگرد (کانزاکان و پاترییەکان)

 
گۆگردیش بەرهەمێکی لاوەکیی پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتی خاو و گازی سروشتییە و بە بڕێکی زۆر بۆ هەناردەکردن لە ناوچەی کەنداو بەرهەم دەهێندرێت، نزیکەی نیوەی بازرگانی دەریایی گۆگرد لەسەر ئاستی جیهانی، بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت.

بەکارهێنانی سەرەکی گۆگرد وەک کودی کشتوکاڵییە، بەڵام ئەم ماددەیە بۆ پرۆسێسکردنی کانزاکانیش زۆر گرنگە، گۆگرد بۆ بەرهەمهێنانی ئەسیدی سولفوریک بەکاردێت کە لە پرۆسێسکردنی مس، کۆباڵت و نیکڵ و هەروەها لە دەرهێنانی لیتیۆمدا بەکاردێت.

تەواوی ئەم کانزایانە بۆ بەرهەمهێنانی پاترییەکان پێویستن؛ ئەو پاترییانەی کە لە هەموو شتێکدا لە ئامێرەکانی ناوماڵەوە تا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و کەلوپەلە سەربازییەکان وەک درۆنەکان بەکاردەهێندرێن، شیکەرەوەکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر خستنەڕووی گۆگرد هەر بە تێکچووی بمێنێتەوە، ئەنجامەکەی ئەگەری هەیە بەرزبوونەوەی نرخ بێت بۆ بەکاربەرانی ئەو بەرهەمانەی کە پاترییان تێدایە.

 

سەرچاوە؛ BBC 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن