به‌ حه‌وت هه‌نگاو چاودێری فشاری خوێن بكه‌ له‌ ماڵه‌وه‌

تەندروستی

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 1882

فشاری خوێن

ڕاچڵه‌كین-
بەرزبوونەوەی فشاری‌ خوێن یان نەخۆشی زەخت یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان، دیاریكردنی  ئەم نەخۆشییە هەروا ئاسان نییە و زۆربەی كاتەكان بە تەنها یەک جار پێوانەی فشاری‌ خوێن ناتوانین بە نەخۆش بڵێین كە تووشی‌ ئەم نەخۆشییە بووە، بۆیە پێویستی بە چاودێری کردنی فشاری‌ خوێن دەبێت لە ماڵەوە بەلای کەم بۆ ماوەی 4 رۆژ و باشتر وایە بۆ ماوەی 7 رۆژ بێت،له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ئومێد شوانی پسپۆری هەناو حه‌وت هه‌نگاوی گرنگ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فشاری خوێن له‌ماڵه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

رێنماییەکانی چاودێری كردنی‌ فشاری‌ خوێن لە ماڵەوە

1. رۆژانە دووجار فشاری‌ خوێن وەرگرە سبەینان(ئەگەر دەرمانت هەبوو پێش بەکارهێنانی دەرمانەکان) وئێواران پێش خواردن(لە هەردوو كاتەکە دووجار دووبارەی‌ بكەوە بەلای‌ كەم یەك خولەك جیاوازیان هەبێت و هەموو خوێندنەوەکان و بەروار و کاتەکەی لای خۆت تۆمار بکە)

2. بۆ ماوەی نیو كاتژمێۆ پێشتر نابێت جگەرە بکێشێت یان ئەو خواردنەوانەی کافایینی تێدایە (وەکو چا یان قاوە) یان خواردنەوە كحولیەكان بەكاربێنیت.

3.میزه‌ڵدانت بەتاڵ بکە.

4. باشتر وایە لە سەر کورسی دانیشیت و پشتت ڕاست بێت و ئامێرەکە لەسەر مێزی نان خواردن بێت و دەبێت لە کەشێکی ئارام بۆ ماوەی پێنج خولەک دانیشت و هەست بە دڵەڕاوکێ نەکەی.

5.ئامێریکی دروست بەكاربێنە كە پێوانەی کەفەکەی گونجاو بێت لەگەڵ قۆڵت.

6.کەفەکە بە شێوەیەکی دروست ببه‌ستە کە 1 بۆ 2 سم لە جومگەی ئەنیشک بەرزتر بێت و لە هەمان ئاستی دڵ بێت.

7. هەردوو پێت بە ڕاستی لە سەر ئەرز دانە(نابێت پێ لەسەر پێ دانەی).

ئەم چاودێری كردنە هەروەها به‌كاردێت بۆ دەستنیشان كردنی‌ ئەو كەسانەی‌ كە تەنها لەكاتی‌ پێوانی فشاری‌ خوێن لە نەخۆشخانە یان لە كلینیكە پزیشکیەکان فشاری‌ خوێنیان بەرز ئەبێت و لە کاتەکانی دیكە ئاسایی‌ ئەبێتەوە، یان كاتێک ده‌ست بە دەرمانێک ئەکەین یان گۆڕانکاری لە دەرمانەکانی ئەکەین، یان بۆ چاودێری کردنی ئەو ئافرەتانەی کە لە کاتی دووگیانیدا فشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوە .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن