راچڵەکین-
رۆژناممەی نیویۆڕک پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئەگەری هەیە نزیکەی هەزار ئەندامی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرانسەری کەنەدا جێگیر بووبن و هەڕەشەیەکی ئەمنیی بەپەلە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست بکەن.
میشێل ڕێمپڵ گارنەر، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، حکومەتی کەنەدا هەوڵی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نادات، ئەو وتی: "ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، تەنیا جێگەی نیگەرانی وڵاتەکەی ئێمە نییە، بەڵکو جێگەی نیگەرانی هاوبەشە ئەمنییەکان و هاوپەیمانەکانیشمانە.
گارنەر وتیشی: کەسایەتییەکانی سەر بە ڕژێم بە بەردەوامی سوود لە سیاستە شلەکانی کۆچی کەنەدا وەردەگرن بۆ چوونە ناو وڵاتەکە، ئەمەش وادەکات وەدەرنانیان لە داهاتوودا نزیک بێت لە مەحاڵ.
جۆ ئادەم جۆرج، بەرپرسی توێژینەوە لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی "مەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە فیلادلفیا، باسی لەوەکرد: ڕژێمی ئێران ئەمریکا وەک شەیتانی گەورە و ئیسرائیل وەک شەیتانی بچووک دەبینێت.
رۆژنامەی نیویۆڕک پۆست ئاشکرایکردووە، بەپێی نامەیەکی کۆدکراو کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە، کۆماری ئیسلامی بەوە ناسراوە کە "خانەی نوستوو"ی لە هەموو جیهاندا هەیە، و پێدەچێت دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، "ئاماژەی چالاککردنی ئۆپەراسیۆنی" بۆ ناردبن بۆ ئەوەی چالاک ببن.
لە 10ی ئاداردا هێرشکرایە سەر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ، کاتێک دەوترێت دوو چەکدار تەقەیان لە کۆمەڵە باڵەخانە پارێزراوەکە کردووە، هیچ برینداربوونێک تۆمارنەکراوە و تا ئێستا نەزانراوە ئایا گومانلێکراوەکان پەیوەندییان بە ڕژێمی ئیسلامییەوە هەبووە یان نا.
کریستیان لۆبریخت پرۆفیسۆر لە کۆلێژی سەربازی شاهانە و زانکۆی کوینز رایگەیاند: کەنەدا دەبێت بەشێک لە لۆمەکان هەڵبگرێت ئەگەر یەکێک لە کۆچبەرەکانیان کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ناو ئەمریکا ئەنجام بدات، ئەو دەڵێت: "کەنەدا خۆی وەک چراخانێکی مافەکانی مرۆڤ نیشان دەدات، بەڵام ڕێگە بە کەسانێک دەدەین بێنە ناو وڵاتەکە کە دەستیان بە خوێن سوورە.
بەپێی ئاژانسی خزمەتگوزاری سنووری کەنەدا، حکومەتی کەنەدا ٣٢ بەرپرسی پلە باڵای ئێرانی دەستنیشان کردووە کە لە وڵاتەکەدا دەژین و نیشانەی وەدەرنانی بۆ داناون.
هەندێک لەو ئەندامانەی باڵای ڕژێمی ئێران کە بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کەنەدا دەژین بریتین لە:
*عەباس ئۆمیدی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزا و بازرگانی ئێران، ئۆمیدیی تەمەن ٥٥ ساڵ، بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٧ ساڵ وەک سەرکردەیەکی باڵا لە تاران کاری کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە کەنەدا، ئەو لە ئێستادا ڕووبەڕووی دانیشتنی دادگا بۆ وەدەرنان دەبێتەوە.
*ئەفشین پیرنوون، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەزارەتی ڕێگاوبانی ئێران، ڕێگەی پێدرا لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە دوای ئەوەی دەستەی کۆچ و پەنابەرانی کەنەدا داواکاری ئاژانسی ئەمنیی سنووری بۆ وەدەرنانی لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕەتکردەوە، بەو پاساوەی کە "کاریگەرییەکی بەرچاوی" بەسەر حکومەتی تۆتالیتاری ئێرانەوە نەبووە.
*سەید سەلمان سامانی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران. لە ئازاری ٢٠٢٤ فەرمانی وەدەرنانی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن هێشتا وڵاتی جێ نەهێشتووە.
*مەجید ئێرانمەنیش، بەڕێوەبەری گشتی لە جێگری سەرۆکایەتی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا،لە شوباتی ٢٠٢٤ فەرمانی وەدەرنانی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن هێشتا لە وڵاتەکەدایە.
*سینا ئەردەشیر لاریجانی، برازای عەلی لاریجانی، کە بۆ ماوەیەکی کورت ڕێبەری دیفاکتۆی ئێران بوو، بەپێی گرووپی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، وەک بەڕێوەبەری دارایی خانووبەرە لە بانکی شاهانەی کەنەدا (RBC) لە ڤانکۆڤەر کار دەکات.
کەنەدا لە ساڵی 2022 و دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئێران، هاتنی بەرپرسانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد.
قەدەغەکە ئەو بەرپرسانەی دەگرتەوە کە لە ساڵی 2019 بەدواوە لە ناو حکومەتی ئێراندا کاریان کردبوو.
لە ساڵی 2024 دا، قەدەغەکە درێژکرایەوە بۆ ئەو بەرپرسانەی کە لە 22ی حوزەیرانی 2003وە لە ناو حکومەتی ئێراندا بوون، کە لەو بەروارەدا فۆتۆگرافەرێکی کەنەدی لە تاران بە ناوی زەهرا کازمی دەستگیرکرابوو،دواتریش بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان بەهۆی ئەشکەنخەوە گیانی لەدەستدابوو.
گاری ئەنانداسانگاری وەزیری سەلامەتی گشتی کەنەدا، هەفتەی ڕابردوو وتی: ژمارەی ئەندامانی سوپای پاسداران لە وڵاتەکەدا "نەسەلمێنراوە".