راچڵەكین -
كۆماریی ئیسلامیی ئێران ئاماری زیانەكانی جەنگ بڵاودەكاتەوەو وتەبێژی حكومەتی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە 105 هەزار یەكەی مەدەنی خاپوور بوون و سەدان ناوەندی خوێ،دن و زانكۆش زیانیان بەركەوتووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5-4-2026، فاتیمە مهاجەرانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ئامارێكی وردی لەبارەری زیانەكانی هێرشە بەردەوامەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: لە رۆژی 28ی شوباتەوە تا ئێستا، لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، زیاتر لە 105 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە 12 پارێزگای ئێراندا بۆردومان كراون و زۆربەیان خاپوور بوون.
وتیشی:" هێرشە هاوبەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل 763 خوێندنگە و 322 ناوەندی تەندروستی و 30 زانكۆ و دەیان كتێبخانەی لە سەرانسەری وڵاتدا بەئامانج گرتووە و زۆربەیان وێران بوون".
ئەمەش لەكاتێكدا بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی ئێران، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار كەس بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزاران كەسی دیكەش بریندار بوون، جگە لە زیانێكی گەورە كە بەر ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە كەوتووە.