راچڵەكین -
عیراق و حەوت وڵاتی دیكەی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپیك پڵەس، بڕیاریاندا لەپێناو سەقامگیربوونی بازاڕی وزەی جیهانی، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبكەنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5-4-2026، هەشت وڵاتی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك پڵەس (عیراق، سعودیە، رووسیا، ئیمارات، كویەت، كازاخستان، عومان و جەزائیر)، بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن و رۆژانە 206 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بەرهەم بهێنن، ئەمەش لەپێناو سەقامگیركردنی بازاڕی وزەی جیهانی.
هەشت وڵاتەكەی ئۆپیك پڵەس لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاشكرایانكردووە، زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای هەمواركردنی بڕیارەكەی ساڵی 2023، تایبەت بە كەمكردنەوەی ئارەزوومەندانەی ملیۆنێك و 650 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وڵاتانی بەشداربوو بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی رەوشی بازاڕی وزەو پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی هۆشیارانە، بە شێوەیەك كە نەرمیی تەواویان هەبێت بۆ زیادكردن، یان هەڵوەشاندنەوەی هەمواركردنەكان بەپێی پێویستی بازاڕ، لەوانەش ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت، كە پێشتر بە شێوەی ئارەزوومەندانە بڕیاری لێدرابوو.
بڕیارەكەی ئەو هەشت وڵاتانەی ئەندامی ئۆپیك پڵەس لەكاتێكدایە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و رێگری لە تێپەڕبوونی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.