وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 71

راچڵەكین-

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر خاكی كوردستان، ناچار دەبن هەڵوێستی دیكەیان دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026 لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەشەوی 5 ی نیسانی 2026 جارێكی دیكە گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەكان، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوشدا چەندین جار  هێرشە تیرۆرستیەكان لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بارەگاكانی پێشمەرگە بەردەوامبوون. 

"ئەم زنجیرە هێرشانە، بە ئاشكراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە."

 "تا ئێستا حكومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق، هیچ هەڵوێستێكی جدیان نەبووە بۆرێگریكردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەیە." وەزارەتی پێشمەرگە وادەڵێت.

" پێشمەرگە بەشێكە لەسیستەمی ئەمنی و بەرگری، هەمیشە ڕۆڵی سەرەكی و كاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق، دەبێ ئەو دەستدرێژیانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانكاران سزا بدرێن."

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە:"ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراق و كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بە خۆماندا گرتووە ، بەڵام ئەگەر حكومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیكەمان دەبێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن