پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان عێراقچی و ئال سانی

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 178

راچڵەکین-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی هاوتا قەتەڕییەکەی، دوایین پەرەسەندنەکانی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و دەوحەی تاوتوێ کردووە.

ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی پێکدادانە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، بنکەی ئاسمانیی "عودەید"ی ئەمریکی لە قەتەر چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عێراقچی لەم پەیوەندییەدا جەختی لە خواستی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ئێستای ناوچەکە پەیوەستە بە "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" و بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتیکردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە ململانێکان بهێنرێت و کار بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.

شایەنی باسە لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردومانکردنی چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران و تاران کردووە کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران بە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەڵامی داوەتەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن