"ئێران ناتوانێت گەرووی هورمز بکاتەوە"

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 156

راچڵەکین-

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، ئێران نەیتوانیوە گەرووی هورمز بە ڕووی هاتووچۆی دەریاییدا بە شێوەیەکی فراوانتر بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی دەستەوسانیی لە دیاریکردنی شوێنی ئەو مینانەی کە لە ڕێڕەوە ئاوییەکەدا چاندوویەتی و نەبوونی توانای پێویست بۆ لەناوبردنیان.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە: ئەم پەرەسەندنە یەکێکە لەو هۆکارانەی بووەتە ڕێگر لەبەردەم وەڵامدانەوەی خێرای تاران بۆ داواکارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی ژمارەیەکی زیاتری کەشتی بە ناو گەرووەکەدا."
هاوکات ئەم دۆسیەیە وەک فاکتەرێکی ئاڵۆزی زیادە دادەنرێت لەپێش دەستپێکردنی دانووستانە چاوەڕوانکراوەکانی ئاشتی کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە پاکستان، لە نێوان دانوستانکارانی ئێرانی و شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی (جەی دی ڤانس)ی جێگری سەرۆک بەڕێوەبچێت.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەکردووە: ئێران مانگی ڕابردوو و دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی بەرپایان کرد، بەلەمی بچووکی بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز بەکارهێناوە.
چاندنی مینەکان لەگەڵ مەترسی هێرشە موشەکی و درۆنەکانی ئێران، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگر و کەشتییە جیاوازانەی کە بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن بۆ ئاستێکی زۆر سنووردار، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کارتێکی فشاری گرنگی لە کاتی جەنگەکەدا بە تاران بەخشیوە.

بەرپرسان ئەوەشیان خستووەتەڕوو: ئێران یەکێک لە ڕێڕەوەکانی ناو گەرووەکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، تاوەکو ڕێگە بەو کەشتیانە بدات کە باج دەدەن تێپەڕبن.
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی داوە لە ئەگەری پێکدادانی کەشتییەکان بە مینە دەریایییەکانەوە، هاوکات میدیا نیمچە فەرمییەکانیش نەخشەیان بڵاوکردووەتەوە کە ڕێڕەوە ئارامە بەردەستەکان نیشان دەدەن.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەم ڕێڕەوانە تا ڕادەیەکی زۆر بە سنوورداری دەمێننەوە، چونکە ئێران مینەکانی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی چاندووە، هەروەها ڕوون نییە کە ئایا دەسەڵاتدارانی ئێران شوێنی هەموو ئەو مینانەیان تۆمار کردووە کە دایانناون یان نا، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە شوێنەکانیان تۆمارکراوە، هەندێک لە مینەکان بە شێوازێک چێنراون کە ئەگەری جووڵانیان هەیە، بە وتەی ئەو بەپرسانەی ئەمریکا پوچەڵکردنەوەی مینە دەریاییەکان زۆر قورسترە لە پوچەڵکردنەوەی مینە زەمینییەکان.

واشنتۆن باوەڕی وایە کە خودی سوپای ئەمریکا خاوەنی توانایەکی گەورە نییە لە بواری پوچەڵکردنەوەی مینە دەریاییەکاندا، چونکە بە پلەی یەکەم پشت بە کەشتییەکانی جەنگی کەناراوەکان دەبەستێت کە بە ئامێری مینکێشان تەیار کراون، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێرانیش توانای پاککردنەوەی خێرای مینەکانی نییە، تەنانەت ئەو مینانەش کە خۆی چاندوویەتی.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، شاندی ئێرانی و ئەمریکی لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە، کە پێدەچێت دۆسیەی خێراکردنی دابینکردنی ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە ناو گەرووەکەدا یەکێک بێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە.

سوپای ئەمریکا هەوڵی داوە توانای دەریایی ئێران لە ڕێگەی نوقمکردنی کەشتییەکان و بە ئامانجگرتنی بنکە دەریایییەکان لەناو ببات، بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەت نیویۆڕک تایمز، ئێران هێشتا خاوەنی سەدان بەلەمی بچووکە کە دەکرێت بۆ بێزارکردنی کەشتییەکان یان چاندنی مینی نوێ بەکاربهێنرێن، لە کاتێکدا دەرکەوتووە کە لەناوبردنی هەموو ئەو بەلەمانە لە ڕووی کردارییەوە مەحاڵە.

تەنانەت پێش ئەوەی ئێران دەست بە چاندنی مین بکات، هەڕەشەی سەرکردەکانی بووە هۆی تێکچوونی خێرای جووڵەی گواستنەوەی جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. لە 2ی ئازاردا، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران داخستنی گەرووەکەی ڕاگەیاند و بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هەڕەشەی سووتاندنی ئەو کەشتیانەی کردبوو کە دەچنە ناو ڕێڕەوە ئاوییەکەوە.

لە رۆژانی دوای ئەو هەڕەشەیە، ئێران دەستیکرد بە چاندنی مین لە گەرووەکەدا، سەرەڕای چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و کەلوپەلە دەریایییەکانی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکی لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە ئێران مینەکانی بە خێرایی یان بە کارامەیی نەچاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن