راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوون لە سزای دارایی بۆ ئەو بیانیانە دەردەكات كە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بكەن یان نشینگەكانیان نوێ بكەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە مەبەستی هاوكاریكردن و كارئاسانی بۆ ئەو بیانیانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بكەن یان نشینگەكانیان نوێ بكەنەوە، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم/ بۆ ئەوانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن:-
ئەوانەی لە دوای ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ نشینگەكەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ بە هەمان كارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەكەیان نوێ بكەنەوە. دوای ئەم ڕێكەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.
دووەم/بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بكەن:-
ئەو بیانیانەی نشینگە یان پاسپۆرتەكەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بكەن، تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بكەن. هەروەها ئەو كەسانەی كە بەڵگەیان هەیە كە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواكەوتووە، لە سزا دەبوردرێن.
سێیەم/ بۆ گەشتیاران خاوەن ڤیزا:
ئەو گەشتیارانەی لە دوای ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦ ڤیزاكەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ بەبێ سزا لە فڕۆكەخانە و دەروازەكانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاكەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی ڕێنماییەكان مامەڵەیان بۆ دەكرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بڕیارانە تەنها تا كۆتایی مانگی نیسانی ٢٠٢٦ كاری پێدەكرێت، داواشی كردووە لەكاتی دیاریكراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەیوەندیدار بكەن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان.