راچڵەكین -
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارێكی حكومەتی عیراق بە وەرگرتنی تەنها 292 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی جوتیاران هەرێم، دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت: بڕی ئەو گەنمەی بۆ ئەمساڵ دیاریكراوە، رەتدەكەینەوە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی فیدراڵ بڕی تەنها 292 هەزار تۆن گەنمی دیاریكردووە بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی وەرگرتن لە سایلۆكانی هەرێم، لە كاتێكدا ئەمساڵ سەرووی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم داچێنراوە و ئاستی پێشبینیی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لە نێوان ملیۆنێك و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن دەبێت و ڕێژەی بارانبارین بەمسۆگەری چەندین هێندەی ساڵانی پێشووە.
وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی ئەو گەنمەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، رەتدەكاتەوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "هەموو ساڵێك پێویستە مافی جوتیارانی هەرێمی كوردستان هەمان ئەو مافە بێت كە بۆ جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق فەراهەمكراوە، لە پرۆسەی بەبازاڕكردن و وەرگرتنەوەی گەنم لە سایلۆكان".
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم روونیكردووەتەوە، ئەو پێوەرانەی كە لەلایەن عێراقەوە دانراوە بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان، نازانستی و ناواقیعین، لەبەر ئەوە ئێمە وەكو لیژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی ئەو پێشنیارەمان رەتكردووە كە دراوەتە هەرێمی كوردستان.