راچڵەكین -
كۆماری ئیسلامیی ئێران جارێكی تر گەرووی هورمزی بەڕووی هاتوچۆی كەشتییەكان داخستەوە، بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، پاشگەزبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا لە بەڵێنەكەی، هۆكاری سەرەكیی دووبارە داخستنی گەرووەكە بوو.
مەهدی تەباتەبائی، یاریدەدەری سەرۆككۆماری ئێران بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوە، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند: تاران وەك پیشاندانی نیازپاكیی و هەوڵدان بۆ ئاشتی، رێگەپێدانی مەرجداری بۆ تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز دا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە بەڵێنەكەی پاشگەزبووەوە، ئەمەش وایكرد جارێكی تر گەرووەكە دابخەینەوە.
تەباتەبائی وتیشی:" مێژوو سەلماندوویەتی ئێران هەرچەندە خوازیاری ئاشتییە، بەڵام توانای ئەوەشی هەیە ملهوڕەكان بگەڕێنێتەوە بۆ قەبارەی سروشتیی خۆیان، ئێستاش گەرووی هورمز بە تەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای پاسدارانە".
لەبارەی ئەگەری كردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییەكاندا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: ئامادەین گەرووەكە بكەینەوە، بەو مەرجەی كەشتییەكان پێشوەختە مۆڵەت لە هێزی دەریایی ئێران بۆ تێپەڕبوون وەربگرن و باجیش بدەن.
ئێران لە بەرامبەر بڕیاری ئاگربەست لە لوبنان، بڕیاریدا گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییەكاندا بكاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بریارەكەی، رێگری لە چەندین كەشتیی نەوتهەڵگر كرد بە گەرووەكەدا تێپەڕببن.