سوپای رووسیا ناوچەیەكی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 95

راچڵەكین -

سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بۆناو قووڵایی خاكی ئۆكراینا بەردەوامە و ناوچەیەكی دیكە لە باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە هەزار و 80 سەربازی ئۆكراینی كوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29-4-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاكردەوە، هێزەكانیان لەهێرشێكی فراواندا توانیوانە شارۆچكەی نۆڤۆدیمترۆفكا لە هەرێمی سومی لە باكووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن و پاشماوەی هێزەكەشی ئۆكرایناش كە لەو ناوچەیە بوو ناچاربوون پاشەكشێ بكەن.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانیان لە پێشڕەویی بەردەوامدان و لەماوەی 24 رابردوودا، هەزار و 82 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانی لە شەڕو پێكدادانەكاندا كوژراون، هاوكات دەیان تانك و زرێپۆش و سەكۆی مووشەكی سوپای ئۆكراینا لەناوبراون.

بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا، كە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەیان شارۆچكەو ناوچەی گرنگ و ستراتیجییان لە ئۆكراینا كۆنترۆڵكردووە، لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی پلانە سەربازییەكانیان دەكات كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی خاكی زیاتری ئۆكراینا و ناچاركردنی دەسەڵاتدارانی كیێڤ بە قبوڵكردنی مەرجەكانی بۆ راگرتنی شەڕ و واژۆكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن