راچڵەکین-
کۆریای باکوور لە هەنگاوێکی نوێدا دەستووری وڵاتەکەی هەموار کردەوە و تێیدا هەموو ئاماژەکانی پەیوەست بە "یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریا"ی سڕییەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ستراتیژییەکەی کیم جونگ ئون دێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باشوور وەک دەوڵەتێکی جیاواز و نەیار. بەپێی ڕەشنووسێکی دەستوورە نوێیەکە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بینیویەتی، ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای گەل لە مانگی ئاداری ڕابردوودا پەسەند کراون.
بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەندێکی تایبەت بە سنووری خاک بۆ دەستوور زیاد دەکرێت، کە تێیدا خاکی کۆریای باکوور بە هاوسنوور لەگەڵ چین و ڕووسیا لە باکوور و "کۆماری کۆریا" لە باشوور پێناسە کراوە. ئەم پێناسە نوێیە پانتایی ئاسمانی و ئاوە هەرێمییەکانیش دەگرێتەوە و بە کردەیی کۆتایی بەو خەونە دێرینە دەهێنێت کە پێشتر وەک یەک وڵاتی دابەشکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.
دەستوورە هەموارکراوەکە پێگەی کیم جونگ ئونی وەک "سەرۆکی دەوڵەت" جێگیر کردووە، ئەمەش جێگەی ناسناوە کۆنەکەی گرتووەتەوە کە تەنها وەک "سەرۆکی باڵا" ناوی دەبرا. ئەم گۆڕانکارییە پێگەی یاسایی و دیپلۆماسی کیم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەهێزتر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، لە بەندێکی تایبەت بە بەرگریدا، کۆریای باکوور بە فەرمی وەک "دەوڵەتێکی بەرپرسیار و خاوەن چەکی ئەتۆمی" ناسێنراوە. دەستوورەکە جەخت دەکاتەوە کە پەرەپێدانی ئەم چەکانە بۆ پاراستنی مافی مانەوە و بەرپەرچدانەوەی جەنگ بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتی ڕەهای فەرماندەیی هێزە ئەتۆمییەکان بە ڕەسمی دراوەتە دەست سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەوڵەت. بەمەش کیم جونگ ئون دەبێتە تەنها بڕیاردەری فەرمی لە بەکارهێنان و ئاراستەکردنی تەواوی تارسەخانە ئەتۆمییەکەی وڵاتدا
رۆیتەرز