راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە لە ماڵێكدا دەمانچەیەك و بڕێك پارەی دزیبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 10-5-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لە ماڵەكەیدا بڕێك پارەو دەمانچەیەكی مۆڵەتدارو سێ شانەو ژمارەیەك فیشەكی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەكە وەرگیرا و دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكان، زانیاری پێویست كۆكرایەوەو توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو دەمانچەیەدا كە دزیبووی.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبار ( ز، ع ،ق لەدایكبووی 1986 ) لە لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەچەند تاوانێكی دزیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ( ٤٤٤) لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.