هاتووچۆی هەرێم سزایەكی نوێ دیاری دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 171

راچڵەكین -

هاتووچۆی هەرێم، بڕیار دەدات هەر ئۆتۆمبێلێك زبڵ و خاشاك فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەكان، بەبڕی 40 هەزار سزا بدرێت، دەسەڵاتیش دەدرێتە ئەفسەری هاتووچۆ لەكاتی بینینی سەرپێچییەكە، راستەوخۆ سزاكە بسەپێنێت. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ ب. كارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەكان ژمارە (١٣٦٥٧) لە ١١ی ٥ی ٢٠٢٦، بە پشت بەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٧٩)ی ساڵی ٢٠١٦، لە خشتەی دووەم، خاڵی (٨)، ئاگاداری شۆفێران و سەرنشینان دەكەینەوە كە:

یەكەم: بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی پاك و خاوێنی كوردستان، قەدەغەیە شۆفێر یان سەرنشین، لە كاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، هەر جۆرە زبڵ و خاشاكێك فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەكان. 

دووەم: بە پێچەوانەوە، بڕی 40 هەزار دینار سزای دارایی بۆ هەر سەرپێچیەك بۆ ئۆتۆمبێل/ یان ماتۆڕسكیل ڕەوانە دەكرێت كە سەرپێچییەكەی تێدا ئەنجام دراوە.

سێیەم: ئەم سزایە زیاد دەكرێت بۆ هەموو سیستمەكانی تۆماركردنی سەرپێچی وەكو PDA و كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی و چاودێری.

چوارەم: دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری هاتوچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە ڕاستەوخۆ لە كاتی بینینی، یان لەو كاتەی بە ڤیدیۆی تۆماركراو لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ڕەوانە دەكرێت.

پێنجەم: داوا لە هاونیشتیمانیان دەكەین هاوكاری پاراستنی ژینگە بكەن و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاك بپارێزن، هەروەها هاوكار بن لە ئاگادار كردنەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لە سەرپێچیكاران بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن