هێرشێكی چەكداری لە پاكستان نزیكەی 45 قوربانی لێكەوتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 71


راچڵەكین-

دوو بەرپرسی ئەمنی پاكستانی رایانگەیاند، لەئاكامی هێرشێكی چەكداری بۆسەر خاڵێكی هێزە ئەمنییەكان لە باكوری خۆرئاوای ئەو وڵاتە، نزیكەی 45 كەس بوونە قوربانی.

بەووتە ئەو دوو بەرپرسە پاكستانیە، ڕووداوەكە درەنگانی شەوی رابردوو بووەو كاتێك ژمارەیەك چەكدار بە ئۆتۆمبێلێكی پڕ لەتەقەمەنی هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی ئەمنی و دەستیان بەدەسترێژی گوللە كردووە.

بەهۆی ڕووداوەكەوە تائێستا هەشت كەس كوژراون و 35ی تر برینداریوون. بەووتەی بەرپرسێكی تری ئەمنی پاكستانی، چەكدارەكان سەرەتا لەڕێی درۆنەوە هێرشیانكردووەتە سەر خاڵە ئەمنییەكە لەناوچەی باجوری سنووری لەگەڵ ئەفغانستان، دواتر لەڕێی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەوە هێرشیانكردووەو تەقاندوویانەتەوە، كۆتا جار چەكدارەكان دەستیانكردووە بەتەقەی هەڕەمەكی.

هەرچەندە ئەو بەرپرسە ئەمنیانەی پاكستان دەڵێن، هێزە ئەمنییەكان لەو چەكدارانە هاتوونەتە دەست و سەرجەمیان كوشتوون، بەڵام تائێستا حكومەتی ئیسلام ئاباد هیچ ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بەڕووداوەكە بڵاو نەكردووەتەوە.

دوای ڕووداوەكەش، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستانی، بەرپرسیارێتی خۆی لەو كردەیە راگەیاند.

تەنها لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئەوە سێیەم هێرشە كەدەكرێتە سەر خاڵەكانی پشكنین و چاودێری هێزە ئەمنییەكان لەپاكستان كە بەهۆیانەوە زیاتر لە 30 كەس كوژراون و دەیانی تر برینداربوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن