وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
رووسیا و ئۆكراینا لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان، زیاتر لە 400 سەربازی یەكتریان ئازاد كرد كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون.
ئەمڕۆ هەینی 15-5-2026، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە دانوستانەكانی ئیستانبوڵ كرا، كە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئازادكردنی سەربازە دیلەكانە، 410 دیلی جەنگ لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا ئازاد كران.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشكریكرد، پرۆسەی ئاڵوگوڕكردنی دیلەكانی جەنگ لە نێوەندگیریی ئیمارات بووە، سەربازە دیلەكانی رووسیا كە ژمارەیان 205 كەسە، دوای ئازادبوونیان، رەوانەی بێلارووس كراون و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەگەڕێندرێنەوە بۆ رووسیا رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە، لە بەرامبەردا سوپای رووسیا 205 دیلی ئۆكراینای ئازاد كرد و لەڕێی تیمی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە.
تائێستا رووسیا و ئۆكراینا هەزاران سەربازی یەكتریان ئازادكردووە، كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون. بڕیاریشە لە داهاتوودا هەزاران سەربازی دیلی دیكە لەنێوان هەردوو وڵات ئازاد بكرێن.