راچڵەكین-
هێرشێكی درۆنی چڕ بۆسەر چەند ناوچەیەكی مۆسكۆ ژمارەیەك كوژراوی لێكەوتەوە.
ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، حاكمی مۆسكۆ رایگەیاندووە، لەنیوەشەوی رابردوەوە، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی رووسیا بەرپەرچی زنجیرەیەك هێرشی درۆنی ئۆكراینایان داوەتەوە.
هێرشەكان كوژرانی سێ كەسیان لێكەوتووەتەوە ( ژنێك و دوو پیاو) هاوكات 16 كەسی تر برینداربوون جگە لەوە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە چەند شوێنێكی نیشتەجێبوون.
هاوكات سێرگی سوبیانین، سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ دەڵێت، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی لانی كەم 74 درۆنیان لەشەودا خستووەتە خوارەوەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا 120 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
ئەو هێرشە درۆنیانەی ئۆكراینا لەكاتێكدا دێن، سێشەممەی رابردوو كرملین دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكراینا راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەست راگەیەندرابوو.
شەوی پێنجشەممەی رابردوو، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، رووسیا زیاتر لە 1560 درۆنی ڕەوانەی ئاسمانی وڵاتەكەی كردووە.
زیلینسكی بەڵێنیدا كە پێگە سەربازی و نەوتییەكانی رووسیا بكەنە ئامانج، لەوەڵامی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان لەلایەن رووسیا كە لانی كەم 24 كوژراویان لێكەوتەوە.