دووەم بنكەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانەكانی باشوری عیراق ئاشكرا دەكرێت

عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 66

ئۆتۆمبێلەكەی عەواد دوای بۆردومانكردنی


راچڵەكین-

بەرپرسانی عیراق بوونی دووەم بنكەی نهێنی ئیسرائیلیان لە بیابانەكانی باشوری ئەو وڵاتە ئاشكرا كردووە كە لە ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە ئێران بەكارهێنراوە. وەك رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە.

راپۆرتی رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ناوچەكە بڵاویكردووەتەوە، ئیسرائیل ماوەی ساڵێك زیاتر سەرقاڵی ئامادەكردنی مۆڵگەیەكی نهێنی بووە لەناوخۆی عیراقدا بۆ پشتیوانیكردنی ئۆپراسیۆنەكانی دژ بەئێران. دواتر بەرپرسانی عیراق، بوونی بنكەیەكی تریان ئاشكرا كردووە.

بنكەی یەكەمی ئیسرائیل لەنزیك شارۆچكەی نوخەیب- بووە،  بەهۆی شوانێكەوە ئاشكرا بووە كاتێك ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیك ئابی پێبووە، بەڵام لەلایەن فڕۆكەیەكەوە تەقەی لێكراوە تا كار گەیشتووەتە ئەوەی پەكی كەوتووەو لەناو لمی بیابیانی ئەو ناوچەیە وەستاوەو ئاگری گرتووە.

ئەمیر شممەری، كە ئامۆزای ئەو شوانە دەكات و ناوی عەواد شممەری-یە، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە، عەواد بەنیازبووە بچێت كۆمەڵێك پێداویستی بكڕێت، بەڵام لەبری ئەوە ئەو بنكە نهێنییە هەستیارەی ئیسرائیلی لەبیابان دۆزیوەتەوە كە بەهۆەیەوە ژیانی داناوە.

بەگوێرەی گێڕانەوەی ئامۆزاكەی، عەواد لە رێگەدا تێبینیی شتێكی نائاسایی كردووە وەك سەرباز، هێلیكۆپتەر و چەندین خێوەت كە لە دەوری رێڕەوێكی نیشتنەوەی فڕۆكە بوون. هەربۆیە پەیوەندی بە فەرماندەیی سەربازیی هەرێمی عیراق كردووە بۆئەوەی پێیان بڵێ چی بینیوە، ئەوەش دوا پەیوەندی ئەو شوانە بووەو دواتر بەهۆی ئەو هێرشەی كراوەتە سەری گیانی لەدەستداوە.

بەووتەی بەرپرسانی  ئەمنی عیراقی، ئەو بنكەیەی شممەری دۆزیویەتەوە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم جەنگەی دوای نێوان ئەمریكاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەشەڕی 12 رۆژەدا لە 2025 بۆ سووتەمەن یپێدان، پاڵپشتیی ئاسمانی و چارەسەری پزیشكی سوودیان لێ بینراوە.

بەووتەی بەرپرسانی عیراقی بێت، ئەمریكا لانی كەم ئاگاداری یەكێك لەو بنكانە بووە، هەمان ئەو بنكەیەی شممەری ئاشكرای كردووەو لە 2025 دا دروستكراوە، ئەوەش بە واتایە دێت واشنتۆن بوونی هێزی دوژمنی لە بەغداد و لەسەر خاكەكەی شاردووەتەوە.

رۆژێك دوای پێدانی زانیاریيەكان لەلایەن عەواد بە هێزە هەرێمییەكەی عیراق، چەند یەكەیەكی سەربازی عیراق بەرەو ناوچەكە رۆیشتوون بەڵام لەلایەن " هێزێكی بیانی" تەقەیان لێكراوە، بەهۆیەوە سەربازێكی عیراقی كوژراوەو دووانی تر برینداربوون و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیش هێرشیان كراوەتە سەر هەر بۆیە بەناچاری كشاونەتەوە.  
 
كاتێك عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق، پەیوەندی بە هاوتا ئەمریكییەكانیەوە كردووەو باسی رووداوەكەی بۆ كردوون، پێیان راگەیاندووە ئەو هێزانە ئەمریكی نین. لێرەوە بۆ بەغدا روون دەبێتەوە كە هێزەكە ئیسرائیلییە.

تائێستاش حكومەتی عیراق بە فەرمی بوونی ئەم بنكانەی پشتڕاست نەكردووەتەوە. لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراقیش دەڵێت:" عیراق هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەم شوێنانە نییە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن