ژمارەی قوربانیانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەرزدەبێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 51

راچڵەكین -

هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان سەرباری درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان، بەردەوامە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 19 هاووڵاتیی لوبنانی بەهۆی بۆردومانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 100 كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەكشەممە 17-5-2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردەوە، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی 24 كاتژمێری رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری وڵات، 19 هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و 98 كەسی دیكەش بریندار بوون.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە، كە لە رۆژی 2ی ئەم مانگەوە تائێستا بەردەوامە، دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبوون خاپوور كراون، هاوكات كۆی ژمارەی قوربانیانیش بۆ دوو هەزار و 988 كوژراو و نۆ هەزار و 210 بریندار بەرزبووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، لەكاتێكدایە هەردوو وڵات لەچەند رۆژی رابردوودا گەڕی سێیەمی دانوستانە راستەوخۆكانیان لە واشنتۆن بە نێوەندگیریی ئەمریكا ئەنجامدا و هەردوولا رێككەوتن لەسەر درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆماوەی 45 رۆژی دیكە بە ئامانجی پێدانی دەرفەت بە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی و كۆتایی هێنان بە شەڕ و بۆردومانەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن