دەرباز كۆسرەت رەسول: یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 49


راچڵەكین-

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، نە یەكێتی وە نە پارتی مافی ئەوەیان نییە باس لە دوو ئیدارەیی بكەن.

"هەرێمی كوردستان بەرهەمی فیداكاری و قوربانیدانی شەش ملیۆن كەسە، شەهیدێكی زۆرمان لەپێناویدا داوە، هەربۆیە هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی مافی ئەوەی نییە داوای ئەوە بكات قەوارەی هەرێم نەمێنێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان نە لەگەڵ دوو ئیدارەییە نە لەسیاسەتیدا هەیە." ئەمە وەڵامی دەرباز كۆسرەت رەسول بوو دوای ئەوەی پرسیاری ئەگەری دروستبوونی دوو ئیدارەییان لێكرد لەهەرێمی كوردستاندا.

لەبارەی گفتوگۆی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، دەرباز كۆسرەت رەسول جەختی لەوەكرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەرگای بۆ گفتوگۆ كراوەیە، داوایكردووە هاوبەش بێت:" بڕوامان بەوە هەیە كە دەتوانین بە گفتوگۆ، كێشەو جیاوازییەكان چارەسەر بكەین، لەگەڵ كاراكردنەوەی پرۆسەی سیاسین لەهەرێمی كوردستان كە پەرلەمان، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم لەخۆدەگرێت."

دەرباز كۆسرەت رەسول ڕوونیكردەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان تەنها بۆ ئەوە نییە بەشدار بن لەحكومەت، بەڵكو داوای هاوبەشییان كردووە، لەبەغدا میكانیزمی خاڵبەندیان داناوە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان، لەهەرێمی كوردستانیش هەر لایەنەو دەبێت بەپێی قورسایی خۆی مافی خۆی پێبدرێت.

لەبارەی دەستپێشخەریەكەی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و سەردانیكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەرباز كۆسرەت رەسول ووتی:" مامۆستا سەڵاحەدین داوایكردووە هەڵمەتی میدیایی نێوان یەكێتی و پارتی رابگرێت و كار بكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە جا دوو قۆڵی بێت یان لەنێوان ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پەرلەماندا، یەكێتی بە هەموو داواكارییەكانی ڕازی بووەو دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن