راچڵەكین-
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت، لەو پێشنیارە نوێیەی بۆ ڕاگرتنی جەنگ ئاڕاستەی ئەمریكایان كردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا تاكلایەنەكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان دژی تاران و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری ئێران دەكەن.
ئاژانسی هەواڵی فەڕمی ئێران (IRNA) ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026 لەزاری كازم غەریبئابادی بڵاویكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، ڕاپۆرتێكی گشتگیری سەبارەت بە دۆخی ئێستای پرۆسەی دیپلۆماسیی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئەو پێشنیارەی تاران ئاڕاستەی واشنتۆنی كردووە، پێشكەش كردووە.
غەریبئابادی جەختی لەوە كردووە، پاراستنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە، لە بنەما سەرەكییەكانی دانوستانەكانە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە پێشنیارە نوێیەكەی ئێراندا كۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەكان لەنێویاندا لوبنان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا، گەڕاندنەوەی سامانی ئێران و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی سزاكان لەخۆ دەگرێت. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتیی دژی تاران و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری ئێران لە تەوەرە سەرەكییەكانی پێشنیارەكەیە.