هۆکاری کشانەوەی یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئاشکرا دەکرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 132

راچڵەکین-
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هۆکاری گەڕانەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ وڵاتەکەی، نەبوونی پێویستیی سەربازی بووە بۆ هێشتنەوەی سێ کۆمەڵەی فڕۆکەهەڵگر لە یەک کاتدا لە ناوچەکەدا.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی واشنتۆن لە زاری ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی (CENTCOM) لە کاتی لێپرسینەوەیەکدا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هات، دوای ئەوەی یاسادانەران پرسیاریان لەبارەی هۆکاری جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن ئەو کەشتییە تەنیا 48 کاتژمێر دوای گەیشتنی کەشتیی "جۆرج بوش" کرد.
فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە لە ئێستادا کەشتییەکانی "جۆرج بوش" و "ئەبراهام لینکۆڵن" لە ناوچەکەدا ئامادەییان هەیە و جێگەی خۆیان گرتووە، بۆیە هیچ پێویستییەکی بەردەوام و هەمیشەیی نەبوو بۆ هێشتنەوەی سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جێی ئاماژەیە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" هەفتەی ڕابردوو گەڕایەوە بۆ بەندەری سەرەکی خۆی لە نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 11 مانگ لە دەریادا بوو و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کرد، کە ماوەی مانەوەی لە ئەرکدا گەیشتە 326 ڕۆژ و ئەمەش وەک ڕیکۆردێکی پێوانەیی تۆمارکرا.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن