راچڵەكین -
لە رانیە گەنجێك بەتۆمەتی تاوانی سۆشیال میدیا و هەراسانکردنی ژنان، لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیركرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 20-5-2026 بڵاوكراوەتەوە، هاووڵاتییەك لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی رانیە سكاڵای لە دژی كەسێك تۆماركرد كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وێنەی سكاڵاكاری لە هەژماری ئینستگرامەكەی راكێشاوە و هەژمارێكی تری لە سناپچات بەناوی سكاڵاكار دروستكردووە و وێنەكەی سكاڵاكاری لەسەر داناوە.
تۆمەتبارەكە بەناوی (پ.ه.ح) تەمەن 22 ساڵ لەڕەگەزی نێر دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی رانیە دەستگیركرا، لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەتاوانەكەی كە هەستاوە بەناوی سكاڵاكار چاتی لەگەڵ چەندین خانم كردووە و هەراسانی كردوون.
پۆلیسی راپەڕین ئاشكرایكردووە، لەئێستادا تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.