راچڵەكین-
رابەری باڵای ئێران لەبارەی چارەنووسی یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەكەی وڵاتەكەی بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە.
رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026 ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دوو بەرپرسی باڵای ئێران بڵاویكردەوە، موجتەبا خامنەیی فەرمانیكردووە، بەهیچ شێوەیەك یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەكەی ئەو وڵاتە كە زۆر نزیكە لەئاستی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، نەبرێتە دەرەوەو لەناوخۆی ئێراندا بمێنێتەوە.
ئەو هەنگاوەش وەك وەڵامێكە بۆ داواكارییەكی بەردەوامی ئەمریكا لەدانووستانەكاندا كە داوا دەكات ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ڕادەست بكات.
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم هەڵوێستەی خامنەیی كوڕ، پێدەچێت توڕەبوونی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بەدوای خۆیدا بهێنێت و زیاتر ئاستەنگ لەبەردەم دانووستانەكانی تایبەت بەكۆتایی هێنان بەجەنگ دروست بكات.
هاوكات بەرپرسانی ئیسرائیل بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ پێی راگەیاندوون، یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوە عەمباركراوەكانی ئێران كە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەكار دێت، دەبرێتە دەرەوەی ئێران و هەر رێكەوتنێكی ئاشتی بكرێت، بەشێك دەبێت لەو ڕێكەوتنە.