شارەوانیی سلێمانی لەبارەی قوربانیكردن لە شەقام و گەڕەكەكان هۆشداریی دەدات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 67

راچڵەكین -

شارەوانیی سلێمانی، ئەنجامدانی قوربانی و كاری ئاژەڵداری لە شەقام و گەڕەكەكان قەدەغە دەكات و راشیدەگەیەنێت: سەرپێچیكاران رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-5-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، بەشێك لە هاوڵاتییان دەست بە ئەنجامدانی كاری قوربانیكردن دەكەن، راشیگەیاندووە ئەنجامدانی قوربانی پێویستە لە كوشتارگەكاندا بكرێت و كاری ئاژەڵداریش لە مەیدانی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان، بە پێچەوانەوە لەسەر شەقام و گەڕەك و ناو ماڵاندا ڕێگەپێدراو نییە و سەرپێچیكاران رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و مامۆستایانی ئایینی كراوە بەشداریی لە هەڵمەتێكی هۆشیاریی بكەن لەسەر ئەم بابەتە و هانی خێرەومەندان بدەن كە پابەندبن بە ڕێنماییەكانی شارەوانیی و قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری سلێمانی تاوەكو لە كوشتارگەكان ئاژەڵەكانیان بۆ قوربانیكردن ئامادە بكەن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی داواشی كردووە خاوێنی شۆستە و شەقامەكان ڕابگرن و سەرپێچی ڕێنماییەكان مەكەن، چونكە بەو كارە دەبنە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و شێواندنی ژینگە و پیسكردنی شۆستە و شەقامەكان، وە تیمەكانمان لە بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی بە هاوكاری لیژنە هاوبەشەكان ڕۆژانی جەژن لە ئەركدا دەبن بۆ پاراستنی خاوێنی و تەندروستی هاوڵاتییانی خۆشەویست.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن