دوای ئاڵوگۆڕی پەیامە نوێیەكان، ناكۆكییەكانی ئەمریكاو ئێران بۆ چی هەنگاو دەنێن؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 73

راچڵەكین-

هەریەك لەئەمریكاو ئێران لەسەر هەڵوێستە دژ بەیەكەكانیان بەردەوامن لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراوو كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز، لەلایەكی ترەوە ماركۆ رۆبیۆ-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت:" ئاماژە گەلێكی باش هەن لەبارەی گفتوگۆكان."

دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی بەرز ئێتێنراوو عەمباركراوی ئێران، كە بەبڕوای واشنتۆن ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەكاری دەهێنێت، لەكاتێكدا تاران دەڵێت تەنها بۆ  پێویستی ئاشتییانە تەرخانكراوە.

ترەمپ لە واشنتۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە:" یۆرانیۆمەكەیان بەدەستدەهێنین، پێویستمان پێی نییە و نامانەوێت، پێدەچێت دوای بەدەستهێنانی لەناوی ببەین بەڵام بەدڵنیاییەوە ناهێڵین ببنە خاوەنی."

هاوكات، ماركۆ ڕۆبیۆ رایگەیاندووە، هیچ رێگەچارەیەكی دبلۆماسی بوونی نابَت ئەگەر بێتو تاران سیستمی باج بۆ تێپەڕبوون بەگەرووی هورمزدا جێبەجێ بكات.

لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی ئێرانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، هەرچەندە ئەمریكاو ئێران نەگەیشتوونەتە رێكەوتن، بەڵام كەلێنەكانی نێوانیان كەمتر بوونەتەوە:" پیتاندنی یۆرانیۆم و كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز هێشتا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو چارەسەر نەكراون."

ئەوەی كە دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆزكردووە، لێدوانی دوو بەرپرسی باڵای ئێرانە بۆ رۆیتەرز كە ئاماژەیان بەوەكردووە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵا فەرمانیكردووە، بەهیچ شێوەیەك یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەكەی ئەو وڵاتە كە زۆر نزیكە لەئاستی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، نەبرێتە دەرەوەو لەناوخۆی ئێراندا بمێنێتەوە.

بەڵام دواتر ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە میدیا نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە دەركردنی رێنمایی لەلایەن موجتەبا خامنەیی، دەركراوە، لەبارەی قەدەغەكردنی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات، ناڕاستن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن