وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران ڕوونكردنەوە دەدات

ئابوری

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 51

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێـت، ئەو كورتهێنانەی بۆ  مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕی دەكەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی بڵاویكردووەتەوە، لە هیچ سیستەمێكی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەكە شەش ڕۆژی ماوە بۆ كۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بكات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەك ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بكات.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار كەمتری لەكۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی بێت، بڕیاریانداوە ئەو كورتهێنانەی بۆ  مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بكەینەوە. 

ڕاگەیەنراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایارو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەكۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلەجەژن دابەش بكرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٥ ئایاری ٢٠٢٦ ) وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی ( ٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) پەنجا ملیار دینارمان وەك نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ) كە لەڕۆژی (٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) واژۆ كراوە خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( ٧٠٠١٨ ) لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق. 
 كەئەوەش لە هیچ سیستەمێكی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەكە شەش ڕۆژی ماوە بۆ كۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بكات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەك ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بكات.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێكارانە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە
كۆی بڕی ( ٩٧٠،٧٤١،٥١٤،٩١٤ ) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەك ملیۆن و پێنج سەدو چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لەكاتی كۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانكی ناوەندی عێراق و لە كاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها ( ٨٩٠،٥٠٢،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەكەوێت كە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار كەمتری لەكۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناردووە.
سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانك و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەكانی ڕاسپاردووە كە دوای وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانكە ئەهلیەكانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت.
دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچە كە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەكرێتەوە و دەست بە دابەش كردنی مووچە دەكرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشكردنی مووچە لەدوای كاتژمێر ( ١٠ ) ی بەیانیەوە بەشێوەی كاش و لە ڕێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.
بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و شارو قەزاكان پێویستی باكەتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەكەین كە لە خشتەی مووچەدا مووچەكانیان دەكەوێتە ئەمرۆ كە بەشێوەی كاش مووچە وەردەگرن لەكاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانكەكان بكەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە كاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە ( ATM ) ەكان بكەن و مووچەكانیان ڕابكێشن، هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێكیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەكەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام مووچەكەی وەربگرێت.
تێبینی/ لە پێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەكانیان لەكاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێك بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواكەوتنی مووچەكەی، وەك وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو كورتهێنانەی بۆ  مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بكەینەوە.
هاوپێچ نوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ).
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن