راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر لوبنان بەردەوامە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا دەیان كەسی دیكە بەهۆی بۆردومانەكانەوە بوونە قوربانیی، بەگوێرەی نوێترین ئاماریش كۆی ژمارەی كوژراو و بریندارانی ئەو وڵاتە بۆ نزیكەی 15 هەزار كەس بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9-6-2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردەوە، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی 24 كاتژمێری رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری وڵات، 29 هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە لە 2ی مانگی نیسان-ەوە تائێستا سێ هەزار و 666 كەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش بۆ 11 هەزار و 321 كەس بەرزبووەتەوە.
بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەئامانجی كۆتایی هێنان بە هێرشەكان و گەیشتنی ئیسرائیل و لوبنان بە رێككەوتنی ئاشتی، بۆ ئەو مەبەستەش چوار گەڕی دانوستان لەنێوان شاندی دانوستانكاری ئەو دوو وڵاتە بە نێوەندگیریی ئەمریكا لە واشنتۆن ئەنجامدراوە.