ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی بەغدا دەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 126

راچڵەكین - 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا دەكات لە نزیكترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ كاروباری ئابووری، ئەو لەیەكترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بكات كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا واژۆ كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگیۆرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر دوایین سەردانەكەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەكردنی نەخشەڕێگەیەك بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەكایەی دەسەتەیەكی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كرد.

پاشان جێگری سەرۆك وەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەكایەی دەستەكە كرد و ئاماژەی دا كە ئەمە هەنگاوێكە بۆ بە دامەزراوەییكردنی شێوازی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەكاری و میكانیزمی پێكهێنانی دەستەكە، پێشنیارەكەی پەسەند كرد و بڕیار درا ئاڕاستەی حكومەتی فیدڕاڵ بكرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حكومەت.

لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو.

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئەندامانی شاندی دانوستانكار، وردەكاریی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختی كردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە پشتیوانیكردنی حكومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی كە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەكە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد كە ڕێكارەكان خێراتر بكەن تاوەكوو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەكردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامیدان بە كاری هاوبەش و پێكەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادكردنی داهاتی فیدڕاڵ.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە ئەركی كۆمپانیا نەوتییەكانیشە، دوای دڵنیاییدانی حكومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی كەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی زیانی هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوەكانی كەرتی وزەی هەرێم وەك سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ كردەوە ، دەبێت كۆمپانیا نەوتییەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی بكەنەوە.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەكان و بابەتی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی سیستەمی ئەسیكۆدا لە هەرێمی كوردستان و خشتەی داهاتەكان و كاریگەرییەكانی دۆخی ناوچەكە و ئەسیكۆدا لە سەر كەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری لەسەر مووچە كرد.

لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، كە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەك لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونكراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەكرێت. بۆیە داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ كرا كە پێداچوونەوەی پێویست بكات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریكراو وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونكە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و یەكلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیكۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەسیكۆداش لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە پێویستە لە نزیكترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ كاروباری ئابووری، لە كۆبوونەوەیەكدا، ئەو لەیەكترگەیشتنە بەراییە پەسەند بكات كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان واژۆ كراوە. بە چارەسەركردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەكان زیاد دەكات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاك دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، كە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن