راچڵەكین -
وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس بڕیاریاندا بۆ پێنجەم جار لەسەریەك ئاستی بەرهەهێنانی نەوت بەرزبكەنەوە و رۆژانە 188 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بخەنە بازاڕەكانی وزەی جیهانییەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئۆپیك پڵەس، زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، كە لە مانگی ئاب-ی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەوڵێكە بۆ زیادكردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت و سەقامگیركردنی بازاڕی وزەی جیهانی.
ئەو 188 هەزار بەرمیل نەوتەی كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو زیاتر لە بڕی ئاسایی بەرهەمهێنان رۆژانە بەرهەمهێنرێت، وڵاتانی عیراق، رووسیا، سعودیە، كوێت، كازاخستان، عومان و جەزائیر دەگرێتەوە و هەریەك لەو وڵاتانە بەبڕی جیاجیا بەشداریی لە زیادكردنەكەدا دەكەن.
ئەمە پێنجەم جارە رێكخراوی ئۆپیك پڵەس بڕیار لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو دەدات، كە هەوڵێكە بۆ سەقامگیركردنی بازاڕی وزەی جیهانی و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی.