راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكەی پیرزین دەدات كە بەهۆیەوە هاووڵاتییەك كوژرا و رایدەگەیەنێت، تۆمەتباریی سەرەكیی رووداوەكە دەستگیركرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2026 ڕووداوێكی تەقەكردن لە سنووری بنكەی پۆلیسی پیرزین روویدا و لەئەونجامدا هاووڵاتییەك بەناوی حسێن فەهمی فوئاد، بریندار بوو، كە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد كرد و لە ماوەیەكی پێوانەیی كورتدا توانیان تۆمەتباری سەرەكی ڕووداوەكە بە ناوی (م. ص. م) دەستگیربكەن و لە ئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراوە بەمەبەستی تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان.