راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی سێ تیرۆریستی داعش لەسنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و كەركوك ڕادەگەیەنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش دوای بەدواداچوون و لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، لەمانگەكانی ٤ و ٦ی ٢٠٢٦دا لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و كەركوك سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تیرۆریستان بەناوەكانی ( چ.ئـ ، ت.ب.ر ، پ.ف.س )دوای ئەوەی هەوڵی هیجرەتیان داوە بەڵام لەبەر باری ئەمنی و داخستی هەموو ڕێگاكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بۆیان نەكراوە و لەپێشووتردا بڕیاری ئەوەیان داوە دەعوە بكەن و كاریان بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و نووسین و وێنەكانی داعش و فكرەی توندڕەوی بووە لە (١٠) پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی (فەیسبووك، تیكتۆك، ئینستاگرام، تەلەگرام، یوتوب) كردووە، لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر داواكراوان دەستگیركران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشكرایكردووە، لە درێژەی لێكۆڵینەوەكاندا تیرۆریستان دانیان بەوەداناوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەعوەیان كردووە و هانی گەنجان و هەرزەكارانیان داوە بۆ وەرگرتنی فكرەی توندڕەوی و چوونە ناو رێكخستنەكانی داعش و هیجرەتكردن بۆ ناو ڕیزەكانی داعش.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢) لەیاسای تیرۆر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەدۆسییەكانیان بەردەوامە.