" داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین خولی شەشەمی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە"

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 67

راچڵەكین-

بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەری كوردستان داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

رۆژی چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026 بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و شەرعییەتی دامەزراوە فەرمییەكان و كارنەكردن و هەڵپەساردنی بەشێك لە دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەری لەبەشێكی راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت:" دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حكومەتی هەرێم بووەتە حكومەتێكی كاربەڕێكەر و لەبری كاركردن بە دەقە یاساییەكان، پەنا بۆ دەركردنی فەرمان دەبرێت كە بەهۆیانەوە چەندین ڕسووماتی نایاسایی بەسەر هاووڵاتیاندا سەپێنراون و بارگرانییەكی دارایی گەورەیان بۆ خەڵكی دروستكردووە."

دەقی راگەیەندراوەكە/

ماوەی چەند ڕۆژێكە ڕای گشتی و ناوەندە یاساییەكان سەرقاڵن بە دەنگۆی كارنەكردن و هەڵپەساردنی بەشێك لە دادوەرانی بەڕێزی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان.
ئەم هەڵوێستەی دادوەران ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی كێشە یاساییە كەڵەكەبووەكانی ناو دادگاكان و ململانێ سیاسییەكانی نێوان دو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمە، كە هۆكارن لەسەر ڕێكنەكەوتن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەگەر لە ڕابردوودا دروشمی "سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری" بەرزكرابێتەوە، ئەوا ئەمڕۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە ڕوونی دەبینن چۆن كۆی دامەزراوە نیشتمانییەكان (یاسادانان، جێبەجێكردن، و دادوەری) لەژێر كاریگەریی پشكپشكێنەی حیزبیدا قۆرخكراون؛ ئەمەش هەرێم و هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكی قورس كردووەتەوە.

هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان
ئێوە دەبین كە؛ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، زیاتر لە ساڵێك و حەوت مانگە بەسەر دوایین كۆبوونەوەی خۆیدا تێپەریوە، بەڵام دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە و تا ئێستاش لایەنەكان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكبهێنن.

دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حكومەتی هەرێم بووەتە حكومەتێكی كاربەڕێكەر و لەبری كاركردن بە دەقە یاساییەكان، پەنا بۆ دەركردنی فەرمان دەبرێت كە بەهۆیانەوە چەندین ڕسووماتی نایاسایی بەسەر هاووڵاتیاندا سەپێنراون و بارگرانییەكی دارایی گەورەیان بۆ خەڵكی دروستكردووە.

ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە و هیچ چاودێرییەك بەسەر ئیدارەی حكومەتە خۆجێییەكانەوە نەماوە. هاوكات ئەنجومەنە شارەوانییەكانیش ماوەی یاساییان بەسەرچووە و شەرعیەتیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتی دادوەری، وەك باڵاترین مەرجەع لەبڕی ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەكان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەكان، مەخابن دەبینین كارەكانی باڵاترین دەستەی دادوەری كە دادگای پێداچوونەوەیە لە لایەن بەشێك لە دادوەرانەوە كارەكانی بەرەو پەككەوتن دەبرێت.

بۆیە ئێمە لە "بۆردی یاسایی" لە روانگەی هەستكردنمان بە خەم و گرفتەكانی خەڵك و گێرانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێم، داوا لە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لەبەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و دیاریكردنی وادەیەكی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەكان بگەڕێتەوە و سەروەریی یاسا باڵادەست بێت.

بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەری
8ی تەممووزی 2026

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن