وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاگربەست لە غەززە، ژمارەیەكی دیكەی زیندانیكراوانی فەلەستینی ئازاد كرد و لەڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەیەندرانەوە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8-7-2026، حكومەتی ئەو وڵاتە 15 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازادكرد كە لەكاتی هێرشەكان بۆسەر كەرتی غەززە دەستگیركرابوون، سەرجەمیان لەڕێگەی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی شاری دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە كرانەوە.
حكومەتی ئیسرائیل لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد كردووە، مانگی رابردووش 13 زیندانیكراوی دیكەی ئازادكرد كە بەشێكیان سزای زیندانیكردنی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی كە بەشێكیان ژن و منداڵن و بە تاوانی جیاجیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیركراون، لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدان.