راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان، هۆشداری دەدات بەهاوڵاتییان لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەچەند رۆژی داهاتوودا.
رۆژی هەیینی 10ی تەمووزی 2026 بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوە بەجۆرێك دەگەنە (47-55)پلەی سیلیزی.
هاوكات داوا لەهاوڵاتییان دەكات كە كەرەستە گازییەكان، بۆن، پاتری و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان جێنەهێڵن و شۆفێران تانكی بەنزینی ئۆتۆمبێلەكەنیان بەتەواوی پڕ نەكەن.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەتینە، دووپشك و مار لە كونەكانیان دێنە دەرەوەو ڕوو لە باخ و باخچەو شوێنە فێنكەكان دەكەن، هەر بۆیە داوا لەهاوڵاتییان كراوە ئاگاداری خۆیان بن.
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی بۆ پاراستنی هاوڵاتییان خستووتەڕوو:
- چەرخ و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزە و لەگەڵ گەرمادا زوو گڕ دەگرن لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- خواردنەوە گازییەکان و هاوشێوەکانیان لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- عەتر و پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت بە بڕێکی کەم (سانتیمەترێک) بە کراوەیی بهێڵیتەوە.
- تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەت بە تەواوی پڕ مەکە (تێبینی: لە رووی زانستییەوە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان سیستەمی سەلامەتییان هەیە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر وا باشترە).
- لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەت بکە.
- تاوەکو پێدەکرێت لە کاتەکانی بەیانی و نیوەڕۆدا گەشت بە ئۆتۆمبێل مەکە.
- تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت لە رادەی پێویست زیاتر با (هەوا)ی مەکە، بەتایبەت لە کاتی گەشتکردندا.
- ئاگاداری دووپشک و مار بن: بەهۆی گەرمای تووندەوە لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و بۆ دۆزینەوەی شوێنی فێنک روودەکەنە کێڵگە، باخچە و ناو ماڵەکان.
- خواردنەوەی ئاو: بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر ئاو و شلەمەنییەکان بخۆنەوە.
- بوتڵی گاز: دڵنیابن لەوەی بتڵی گازی ماڵەوە لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نەبێت.
- پەستانی کارەبا: ئاگاداری لۆد و پەستانی سەر پێوەری کارەبا بن؛ ساردکەرەوەکان (سپلیت و مکەیف) تەنیا لەو ژوورانەدا داگیرسێنن کە خێزانەکەی لێیە، بەتایبەت لە کاتەکانی تینی گەرمادا.
- دوورکەوتنەوە لە خۆر: بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆردا مەمێننەوە، بەتایبەت لە کاژێر 10ـی بەیانی بۆ 3ـی دوای نیوەڕۆ.