راچڵەكین -
بەهۆی بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن چین و رووسیاوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەیتوانی بڕیاری گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران جێبەجێ بكات.
میدیاكانی جیهان بڵاویانكردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر داوای نوێنەرانی چەند وڵاتێكی ئەندامی ئەنجومەنەكە، بڕیاریدابوو لە كۆبوونەوی داهاتووی ئەنجومەن، گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی بكات، بەڵام بەهۆی بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن رووسیا و چین كە دوو وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن، بڕیارەكە شكستی هێنا.
رووسیا و چین كە بە دوو وڵاتی هاوپەیمانی ئێران دادەنرێن، داوایانكردبوو پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەشێوەیەك چارەسەر بكرێت كە مافی تاران لە بەدەستهێنانی یۆرانیۆم بۆ بەكارهێنانی ئاشتییانە مسۆگەر بكات، ئەم داوایەش لەلایەن ئەمریكاوە رەتكراوەتەوەو واشنتۆن رایگەیاندووە كە دەبێ وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوەتی هەڵبوەشێنرێتەوە، بۆئەوەی تاران نەتوانێت لە داهاتوودا چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.