راچڵەکین-
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی، پڕۆژە موشەکی و درۆنییەکانیان نەک هەر نەوەستاون، بەڵکو بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) سێ هێندە زیادی کردووە.
عەمید مەجید بن رەزا سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری، ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، جەختی کردەوە کە تاران خاڵە لاوازەکانی دوژمن و تواناکانی خۆی بە باشی دەناسێت.
ئاماژەی بەوەشکرد:ئەمریکا و ئیسرائیل بەو خەیاڵەوە چوونەتە ناو شەڕەکەوە کە دەتوانن کۆتایی بە وڵاتەکەمان بهێنن، بەڵام لەو پلانەیاندا سەرنەکەوتوون و بێ ئومێد مانەوە.
روونیشیکردەوە: هێزی مرۆیی بژاردە و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای نوێدا، گرنگترین هۆکاری باڵادەستیی بەرگریی ئێران بوون، بۆیە داوا دەکەم بودجەی بەرگری بەهێزتر بکرێت و پەرە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بدرێت.