راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمڕۆ ژنێک لە یەکێک لە یەکە نیشتەجێبووەکان کەوتووەتە خوارەوە و لە ئێستاشدا هاوسەرەکەی دەستگیرکراوە.
دەقی روونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ١١ی تەممووزی ٢٠٢٦، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی ئافرەتێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر.
دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە ئافرەتەکە بە ناوی (س. ا. ع)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ و بەڕەگەز کوردی ڕۆژاوای کوردستانە، کە بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. لە ئێستادا تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی هەولێر کراوە.
دەستبەجێ هاوسەرەکەی لەلایەن هێزەکانمان دەستگیرکرا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ هاوسەری ، ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش ڕووداوەکە دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە.
.لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ياساييەکان.