راچڵەكین-
دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسێی گەندەڵی چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەندین موڵك و كارگە كە بەهای گشتییان دەگاتە 69 ملیار دیناری عیراقی لەچوارچێوەی دۆسێی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەیت نەوتی عیراق.
راگەیاندنی دادگاكە رۆژی دووشەممە 13ی تەمووز بڵاویكردووەتەوە، بڕیارەكان تایبەتن بە دەستبەسەرداگرتنی 9 موڵكی بازرگانی، سێ كارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لەشاری موسڵ، جگە لەدەستبەسەرداگرتنی 7 كانتێنەری نوێی گواستنەوە كە بەهای هەریەكێكیان 200 هەزار دۆلارە، كەسەرجەمیان لەچوارچێوەی دۆسێی گەندەڵی جومەیلی و ئەو كەسانەی لەو دۆسێیەوە گلاون دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، بەهای بازاڕی ئەو موڵكانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بەنزیكەی 45 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت هاوكات بەهای كارگەكان بە 24 ملیار دینار.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهاوكاری دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بەسەر بڕی 375 قاڵب زێڕدا گرتووە كە پەیوەستە بەدۆسێكەی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق.