راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی گەشتیارێكی عەرەب لە ئاوی كونماسی خنكا، توانرا تەرمەكەكەی بدۆزرێتەوە و دەربهێنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب بەناوی (أ،ق،ج) لەدایك بووی (٢٠٠٨) بۆ گەشتكردن هاتبووە ناوچەی گەشتیاریی كونەماسی لە شارباژێڕ، لە ئاوی كونەماسیدا بەهۆی مەلەكردنەوە خنكابوو، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی شارباژێڕو بنكەی پۆلیسی گاپێڵۆنەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی غەواسی دوكان و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، تەرمی هاوڵاتییەكە دەربهێنرێتەوەو ڕەوانەی پزیشكی دادیی بكرێت.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەو تەواوبوونی ڕێكارە یاساییەكان، تەرمەكە ڕادەستی كەسوكاری دەكرێتەوە.
پۆلیسی سلێمانی لە پەیامێكیشدا داوای لە سەرجەم هاووڵاتیان و گەشتیاران كردووە، خۆیان بەدوور بگرن لە مەلەكردن لەئاوی خوڕ و ئەو ئاوانەی كە قووڵییەكانیان نەزانراوە، تاوەكو خۆشییەكانیان لێ تێكنەچێت.