راچڵەكین-
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی ئێرانی و عیراقییەوە ( ناویان نەهێنراوە) بڵاویكردووەتەوە، تاران پێشنیارێكی واشنتۆن-ی بۆ ئاگربەست ڕەتكردووەتەوە كە لەڕێی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێی گەیەندراوە.
هەرچەندە وردەكاری پێشنیارەكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، تاران بەبایەخەوە لە هیچ رێكەوتنێكی كاتی ناڕوانێت لەكاتێكدا بابەتی كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز یەكلا نەكاتەوە. وەك ئەوەی رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە.
تائێستاش بەرپرسانی كۆشكی سپی هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز نەداوە.
رۆژی پێنجشەممە 23ی تەمووز، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران-ی پایتەختی ئێران. پێش ئەو سەردانەش عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، زەیدی لەسەردانەكەیدا بۆ تاران پەیام و بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ-ی پێیە، بەڵام بەووتەی عیراقچی،تاران چیتر نێوەندگیری زیاتری ناوێت لەگەڵ واشنتۆن-دا.