لە تەقینەوەیەكدا ژمارەیەك سەربازی سوپای پاكستان كوژران

جیهان

14 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین - 

سوپای پاكستان بڵاویكردەوە، لەئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم بنكەیەكی هاوبەشی سوپا و پۆلیس لە باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، 14 سەرباز و پۆلیس كوژران.

ئەمڕۆ هەینی 24-7-2026، سوپای پاكستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، گروپێكی چەكداری تیرۆریست لەناوچەی تانك لە باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی هاوبەشی سوپا و پۆلیسی پاكستان و شەڕو پێكدادانی سەختی لەنێوانیاندا روویدا.

وەك لە لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، گروپە تیرۆریستییەكە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لەبەردەم بنكە هاوبەشەكەی سوپا و پۆلیسی پاكستاندا تەقاندەوەو بەهۆیەوە 12 سەرباز و دوو كارمەندی پۆلیس كوژران.

سوپای پاكستان ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان بەرپرچی هێرشە تیرۆریستییەكەیان دایەوە و 12 چەكداری گروپەكەیان كوشت و ئەوانی دیكەش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتن.

ئەو ناوچەیەی هێرشە تیرۆریستییەكەی تێدا روویداوە، دەكەوێتە نزیك سنوورەكانی ئەفغانستان، سوپای پاكستان دەسەڵاتدارانی تاڵیبان بە هاوكاریكردنی گروپە تیرۆیستییەكانی پاكستان تۆمەتبار دەكات كە لەدژی حكومەتی ئیسلامئاباد دەجەنگن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن