راچڵەكین-
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لەهەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی پەرلەمان وكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم پێك دەهێنرێت بەردەوام بوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێویستیەكی دەستوری ویاساییە.
رۆژی دووشەممە 27ی تەمووزی 2026 سەرۆكایەتی داواكاری گشتی راگەیەندراوێكی لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە نیگەرانیەكی قووڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستووی سیاسی ویاسایی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكات وپێی وایە مانەوەی هەرێمەكەمان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێكی كارا كە نوێنەری شەرعی گەلی كوردستانە ودواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم زیانێكی گەورەیە لە هەموو بوار وئاستێكدا.
لەراگەیەندراوەكەدا داواكراوە، دەسەڵاتی دادوەری دووربخرێتەوە لە هەر كێبڕكێیەكی حزبایەتی وململانێی سیاسی وسەربەخۆیی وبێ لایەنی پارێزراو بێت.
راگەیەنراوێك لە لە سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتیی هەرێمی كوردستان:
دەزگای داواكاری گشتی كە ئەركی پاراستنی سیستەمی گشتی وسەروەری یاسایە بە نیگەرانیەكی قووڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستووی سیاسی ویاسایی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكات وپێی وایە مانەوەی هەرێمەكەمان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێكی كارا كە نوێنەری شەرعی گەلی كوردستانە ودواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم زیانێكی گەورەیە لە هەموو بوار وئاستێكدا وپەككەوتن وگرفتی قووڵی یاسایی دروست دەكات لە زۆربەی دام ودەزگاكانی دەستوری هەرێم كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ماف وژیانی هاووڵاتیان وبەڕێوەبردنی سێكتەرە گرنگەكان كە تەنها بە كارا كردنەوەی پەرلەمان چارەسەر دەكرێن.
وە سەبارەت بە ڕاگرتن وپەكخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە چونكە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەكی سەربەخۆ وبێ لایەنە تەنها یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، بۆیە بە هەست كردن بە بەرپرسیارێتی دەستوری ویاسایی داواكارین دەسەڵاتی دادوەری دووربخرێتەوە لە هەر كێبڕكێیەكی حزبایەتی وململانێی سیاسی وسەربەخۆیی وبێ لایەنی پارێزراو بێت وڕەچاوی ماددەی (پەنجاو دوو/ بڕگەی دووەم) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بكرێت كە كاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە كردووە، بۆیە داواكارین دادگای پێداچوونەوەی بەڕێز دەست بەكاری ئاسایی خۆی بكاتەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان وپاراستنی مافەكان.
بۆیە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی بنەماكانی ئەركی خۆمان وپاڵپشت بە ماددەی (١/بڕگەی یەكەم وچوارەم) لە یاسای داواكاری گشتی بەركار كە لە ئەركە هەرە پێشینەكانی داواكاری گشتی (پارێزگاری كردنە لە سیستەمی هەرێمی كوردستان وبنەمایەكانی وماڵ وسامانی گشتی لە چوارچێوەی مەشرووعیەت وچەسپاندنی سەروەری یاسا ودروست جێبەجێ كردنی حوكمەكانی)، داواكارین لە هەموو حزب ولایەنەكان بە گشتی وفراكسیۆنە براوەكانی پەرلەمانی كوردستان بە تایبەتی كە هەرچی زووە بە دەنگمانەوە بێن وخواستی خەلك وئەركی لە پیشینەی خۆیان وەك ئەمانەتێكی مێژوویی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێ بگەیەنن وهەوڵەكان چڕ بكەنەوە لە پێناو سازدانی دانیشتنی پەرلەمان وپێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
وە بەمەبەستی ڕێگری كردن لە دروست بوونی بۆشایی سیاسی وكارگێڕی لە هەرێمی كوردستان وە تا ئەو كاتەی پەرلەمان وكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم پێك دەهێنرێت بەردەوام بوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێویستیەكی دەستوری ویاساییە بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرك وبەرپرسیاریەتەكەی بە ئامانجی ڕایی كردنی كاروباری هاووڵاتیان وپێشكەش كردنی خزمەتگوزاریەكان ودابین كردنی ئاسایش وئارامی بۆ خەڵكی كوردستان.