راچڵەكین -
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ناوزڕاندنی چەند ئەفسەرێكی باڵای وەزارەتەكە، دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: رۆژنامەنووسێك بێ هیچ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونێك، تۆمەت و بوختانی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی دەبەخشێتەوە تاوەكو كەسایەتی و پێگەی ئەم ئەفسەرە دڵسۆزانە لەكەدار بكات.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوێك لە شانەی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە
ماوەیەكە لە ڕێگەی بەناو ڕۆژنامەنووسێكی دەروون نەخۆش و چەندین پەیج و ئەكاونتی ساختە و ئاراستەكراو، بە مەبەست و بە بەرنامە، هێرشی ناوزڕاندن دەكرێتە سەر چەندین ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم هەڵمەتە لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەكارییەوە بەڕێوە دەچێت بە شێوەیەك كە ئەو تۆمەتانە لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە و درۆ، دەدرێنە دەست ئەو بەناو ڕۆژنامەنووسە، ئەویش بێ هیچ لێكۆڵینەوە، بەدواداچوون، یان جەختكردنەوەیەك لە ڕاستی و دروستی زانیارییەكان، هەڵدەستێت بە بەخشینەوەی تۆمەت و بوختانی بێبنەما و دوور لە ڕاستی تاوەكو كەسایەتی و پێگەی ئەم ئەفسەرە دڵسۆزانە لەكەدار بكات.
وێڕای ڕەتكردنەوەی توندی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەكارییانە، بۆ ڕای گشتی و خەڵكی كوردستانی ڕادەگەیەنین كە ئەم ئەفسەرە باڵایانە هەمیشە هەوێنی سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و پێشخستنی دامەزراوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە هەمان كاتدا، وەك سەنگەرێكی پۆڵاین وەستاونەتەوە و بوونەتە ڕێگرێكی سەرسەخت لە بەردەم ئەو ئەفسەرە هەڵپەرستانەی تەنها دوای بەرژەوەندیی كەسی كەوتوون. بەو پێیەی ڕێباز و ئاڕاستەی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگە بە هێنانەدی ئارەزوو و تەماحە ناڕەواكانیان نادات، ڕوویان كردۆتە تۆمەتبەخشینەوە و بوختانی بێبنەما. بەڵام دڵسۆزی و پاكیی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتمان زۆر لەوە بڵندتر و بەرزترە بە هەڵمەتی لەو شێوەیە چەواشەكارانە لەكەدار ببن.