لەجیاتی دانان بۆ وانەبێژانی خوێندنی باڵا ئەنجام دەدرێت

کوردستان

53 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 148

راچڵەكین -

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لەجیاتی دانان بۆ ئەو وانەبێژانە ئەنجام بدرێت كە بە گرێبەست دامەزراون، بەڵام بەهۆكاری جیا جیا دەستبەكار نەبوون، وەزیری خوێندنی باڵاش رایدەگەیەنێت: هەفتەی داهاتوو پلاتفۆرمەكە كارا دەكرێت و پرۆسەكەش بەپێی خاڵبەندی ئەنجامدەدرێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەمەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت و دادپەروەریی و رەخساندی دەرفەتی یەكسان بۆ سەرجەم دەرچووان بەبێ جیاوازی، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند رۆژی داهاتوو لە ڕێگەی پلاتفۆرمێكی تایبەتەوە پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون، بەڵام بەهۆكاری جیا جیا دەستبەكار نەبوون، یاخو ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان بە گرێبەست دامەزراون و دەستبەكار نەبوون، یان هەموو ئەوانەی بە كرێی كاری رۆژانە لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەستبەكاربوونیان نەكردووە.

بۆ ئەم مەبەستە لە كۆبونەوەیەكدا كە بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، وردەكاریی و شێوازی پێشكەشكردن بە سیستمی ئەلیكترۆنی تایبەت بۆ لەجیاتی دانانی گرێبەستەكان بۆ ئەو كەسانەی كە پێشووتر ناویان گەڕاوەتەوە، بەڵام بە هۆكاری جیا جیا دەستبەكار نەبوونە، روونكرایەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند:" دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆسەی لە جیاتی دانان بۆ گرێبەستەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدەدرێت، ئەویش پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە ڕێنمایی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠١٩)ی وەزارەتی دارایی و ئابوری و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە، كە ئەمەش پرۆسەیەكی تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەكسانە و سەرجەم دەرچوانی دانەمەزراو بە بێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان دەتوانن بە ئەلیكترۆنی داواكاری بۆ دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە زانكۆكان پێشكەش بكەن كە لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆسەكە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێكی تایبەتەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی وتی؛ سیستەمەكە رەچاوی خاڵبەندی دەكات بۆ پێشكەشكاران و هەموو ئەوانەی داواكاری بۆ لە جیاتی دانان پێشكەش دەكەن پێویستە مەرج و ڕێنماییەكانیان تێدابێت و سیستەمەكەش ئاسانكاری تەواوی بۆ پێشكەشكاران كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن