راچڵەكین -
پۆلیسی بەغدا دەستگیركردنی نزیكەی 300 هاووڵاتی بیانی راگەیاند، كە بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاكی عیراق و سەرپێچییان لە مەرج و رێنماییەكانی مانەوەی بیانییەكان كردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پۆلیسی رەسافە-ی بەغدا، كە ئەمڕۆ هەینی 7-8-2026 بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانیان لەچەند هەڵمەتێكی ئەمنیدا 292 هاووڵاتی بیانییان دەستگیركرد بە تۆمەتی هاتنە ناو خاكی عیراق بەشێوەیەكی نایاسایی و سەرپێچیكردن لە مەرج و رێنماییەكانی تایبەت بە مانەوەی بیانییەكان لە وڵاتدا.
ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی لەلایەن پۆلیسی رەسافەوە دەستگیركراون، بەمەبەستی كاركردن هاتوونەتە شاری بەغدا، بەڵام رێكارە یاساییەكانیان جێبەجێ نەكردووە و مۆڵەتی فەرمیی مانەوەیان لە شارەكە وەرنەگرتووە.
پۆلیسی رەسافە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم دەستگیركراوەكان رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و ئێستا دەستبەسەركراون.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی عیراق، سەدان هەزار هاووڵاتیی بیانی، بەمەبەستی كاركردن روویان لە عیراق كردووە، كە بەشێكیان لەلایەن باندەكانەوە بەشێوەیەكی نایاسایی هێنراون و كاری جۆراوجۆریان پێدەكرێت.